
بڕیارە رۆژی سێشەممە كیلیان مباپێ وەك یاریزانی نوێی ریاڵ مەدرید بناسێنرێت و هەفتەی رابردوو یانەكە رۆژ و كاتی ئاهەنگەكەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا، بەشداریكردن لەم ئاهەنگەدا بەخۆڕایی دەبێت.
ئەندامانی فەرمی و پریمیۆمی یانەكە دەتوانن بە خۆڕایی بەشداری ئاهەنگی ناساندنی مباپێ بكەن بەبێ ئەوەی لە ریزدا بوەستن، بەڵام بۆ ئەوانیتر، هەرچەندە ئەم ئاهەنگە بەخۆڕایی دەبێت، بەڵام دەبێت ناوی خۆیان پێشوەختە تۆمار بكەن تاوەكوو بەشدار بن.
پێشتر راگەیەندرا كە سەرجەم بلیتەكان فرۆشراون و بێرنابیۆ پڕ دەبێت لە هاندەر، بەجۆرێك ناساندنی ئەستێرە فەڕەنسییەكە هاوشێوەی رۆناڵدۆ لە یاریگایەكی پڕ لە بینەر و بەبێ كورسی بەتاڵ بەڕێوەدەچێت.
لە ئیستادا ئەوەی جێگەی سەرنجە بلیتی ئاهەنگەكە لە بازاڕی رەشدا بە 150 یۆرۆ دەفرۆشرێت و ئەم كارەش لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی یانەكەوە ئەنجامدراوە.
ئاس نووسیویەتی، ئەم كارە یانەكەی تووشی شۆك كردووە و لە هەڵسوكەوتی ئەو ئەندامە فەرمییانە زۆر تووڕەن، تەنانەت رەنگە ئەمە لێكەوتەی جددی لێبكەوێتەوە، بەڕێوبەرانی مێرەنگی هیچكات بیریان لەوە نەكردبووەوە كە ئەم كەسانە لە بازاڕی رەشدا بلیتی بێبەرامبەر بە نرخێكی زۆر بفرۆشن.