ڕاگەیاندنی پێكانی كیلیان مباپێ و پەیوەندینەكردنی بە كەمپی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ڕۆژانی ڕابردوودا مشتومەڕێكی زۆری لێكەوتەوە، پاش ئەوەش یاریزانەكە بۆ پشوویەكی كورت گەشتی بۆ سوید كردبوو، دوای ئەو گەشتەش ڕاستەوخۆ گەڕایەوە مەدرید و یانەی ڕیال مەدریدیش راگەیاندراوێكی سەبارەت بە پێكانی سێ یاریزانی بڵاوكردەوە لەنێویاندا كیلیان مباپێ.

لە راگەیاندراوەكەی ڕیاڵدا، باس لەوەكراوە كە، كیلیان بەردەوامە لە ڕاهێنانە تاكەكەسییەكانی لە هۆڵی داخراو، پاشان لەسەر چیمەن لەژێر سەرپەرشتی پینتۆسی راهێنەری لەشجوانی یانەكە تا بەتەواوی ئامادەبێت بۆ گەڕانەوە.

باس لەوەشكراوە، تیبۆ كۆرتوا و ئەندرێ لۆنین بەجیا مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجامداوە لەژێر سەرپەرشتی لویسی ڕاهێنەری گۆڵچییەكانی یانەكە.

ریاڵ مەدرید هەموو هەوڵێك دەدات پاش كۆتایی هاتنی یارییە نێودەوڵەتییەكان بە تەواوی پێكهاتەی بگەڕێتەوە بۆ نێو كێبڕكێكان چونكە چەندین یاری قورس و چارەنووسسازی لە پێشە.