یانەی ریاڵ مەدرید هیچ نیازێكی نییە رێگە بە ئەستێرەكانی بدات بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی پاریسی 2024 بكەن و تیێری هێنری راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی فەڕەنساش یەكێكە لەو راهێنەرانەی زۆر توڕەیە لەو بڕیارە، سەبارەت بەم بابەتەش پێشتر رایگەیاندبوو هیچ دەسەڵاتێكی نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا راهێنەرەكە ئاماژەی بەوەدا كە دەجەنگێت بۆ ئەوەی یانەی ریاڵ مەدرید رازی بكات و لە بارەیەشەوە وتی: من ڕاهاتووم كاتێك گوێم لە نەخێری یەكەم دەبێت بكشێمەوە، دەبێت بزانین چی دەكرێت لە داهاتوودا.

بەگوێرەی یاساكانی ئێستا مێرەنگی دەتوانێت گرێبەستەكەی لەگەڵ یاریزانەكان بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی نەهێڵێت پەیوەندی بە هەڵبژاردەكەیانەوە بكەن، وە هەروەها یارییەكانی ئۆڵۆمپیاد لەژێر ناوی فیفادا ناكرێن و هەڵبژاردەكان ناتوانن یاریزانەكان ناچار بكەن بەوەی بەشداری پاڵەوانێتیەكە بكەن، بەڵام یەكێك لەو ڕێگایانەی كە هێنری دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت ئەوەیە كە داوای لە یاریزانە فەرەنسییەكانی ڕیال بكات یانەكە ئاگادار بكەنەوە كە بەنیازن بچنە پشوو، لەو كاتەشدا پەیوەندی بە هەڵبژاردەكەوە بكەن.

لە ماوەی ڕابردوودا گرژییەكی هاوشێوەمان لە نێوان یانەكان و هەڵبژاردەكان بینیوە، لە بەرچاوترین حاڵەتدا بەرشەلۆنە نەیدەویست لیۆنێل مێسی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بكات و دواتر دۆسییەكە برایە داداگا و تێیدا ماف درایە یانەكە، بەڵام دواتر بە دانوستان بابەتەكە كۆتایی پێهات یاریزانەكە بەشداری ئۆڵۆمپیادی 2008ی كرد و مەدالیایی زێڕی بەدەستیهێنا.

دەبێت بزانین شەڕی تیێری هێنری لەگەڵ ڕیال ئەمجارە بەرەو كوێ دەڕوات بۆ جیاكردنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەكان لە تیپەكەی ئەنچیلۆتی كە بریتین لە، ئۆرلین چاڤیمێنی، فێرلان مێندی، ئێدواردۆ كاماڤینگا و بە ئەگەرێكی زۆریشەوە كیلیان مباپێ.