بەپێی بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەی ئاس، میدیاكا جۆراوجۆرەكانی نەمسا باس لەوە دەكەن ریاڵ مەدرید بەهۆی پێكانەوە تاوەكو ساڵی 2025 داڤید ئالابا لەدەست دەدات و پێكانی یاریزانەكە زۆر لەوە قورسترە كە پێشبینی دەكرا، جێی وە بیرهێنانەوەیە بەرگریكارە نەمساییەكە لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەری 2023 لە بەستەری ئەژنۆی چەپی تووشی پێكانێكی قورس بوو.

ئالابا گەرچی لە پێكانەكەی چاكبووەتەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی و بە ئاسانی ناتوانێت راهێنانەكانی بكات و رابكات، ئەم جۆرە پێكانەی ئالابا تووشی بووە بە شێوەیەكی ئاسای پێویستی بە 100 بۆ 120 رۆژە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە یاریكردن، بەڵام بەرگریكارەكەی ریاڵ مەدرید زیاتر لە 200 رۆژە لە یاریكردن دابڕاوە، كەچی هێشتا ناتوانێت بە ئاسانی راهێنان بكات.

رۆژنامەی دێ پرێسەی نەمسایی ئاشكرایكردووە، پێشبینی دەكرێت ئالابا تاوەكو سەرەتای ساڵی 2025 نەتوانێت یاریی بكاتەوە، پێشتریش یاریزانەكە رایگەیاندبوو، پەلە لە گەڕانەوەی بۆ یاریگاكان ناكات و هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ گەڕانەوەی بۆ یاریكردن دانانێت.

رۆژی 14ـی ئەم مانگە ریاڵ مەدرید دەست بە ئامادەكارییەكانی بۆ وەرزی نوێ دەكات و كۆتایی ئەم مانگەش یانە ئیسپانییەكە لە ئەمریكا كەمپێكی مەشق و راهێنان دەكاتەوە و رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو لە جامی سوپەری ئەوروپا رووبەڕووی ئەتڵانتا دەبێتەوە.