
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری هیوستن، ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد لە دووەم یاریی دۆستانەیاندا رووبەڕووی یەکبوونەوە.
دوای تەنیا 5 خولەک یارییکردن، جود بێلینگهام سوودی لە پاسێکی جوانی ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر وەرگرت و یەکەم گۆڵی خۆی بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە تۆمارکرد و تۆڕی گۆڵی ئاندرێ ئۆنانای گۆڵپارێزی نوێی یانەی مانچێستەر یونایتدی هەژاند.
دوای ئەم گۆڵە، هەردوو یانە چەند هێرشێکیان بردە سەر گۆڵی یەکدی و هەوڵیاندەدا گۆڵی زیاتر لە یارییەکەدا تۆماربکرێت، بەڵام بەرگریکاران و گۆڵپارێزانی هەردوو یانە بەرگرییان لە گۆڵەکانیان دەکرد.
لە خولەکی 88 خوسێلۆ، یاریزانی نوێی ریال مەدرید گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی بە دەبڵ کیک بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد، ئەمە بووە یەکەم گۆڵی ئەو یاریزانەش بەدرێسی یانەی شاهانەوە.
ریال مەدرید یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکی لە یارییە دۆستانەکانیدا لە ئەمریکا بەدەستهێنا، بەرەبەیانی رۆژی 30ـی ئەم مانگە لە یاریی کلاسیکۆدا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە.