یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەنگاوێکی گەورەی بەئاراستەی بەدەستهێنانی ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکەری باڵی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ناوە.

 گرێبەستی ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول لە مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەو یاریزانە دەتوانێت لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە خۆی دەیەوێت.

 تاوەکو ئێستا، لیڤەرپوول نەیتوانیوە ئارنۆڵد بەمانەوە لە ریزەکانی و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رازی  بکات.

 رادیۆی 'تۆک سپۆرت'ی ئینگلیزی دەڵێ، "کارگێڕیی ریال مەدرید بەهاوتاکەی لە لیڤەرپوول راگەیاندووە، ویستی ئەوەیان هەیە گرێبەست لەگەڵ ئارنۆڵدی 25 ساڵان بکەن".

 هەنگاوەکەی ریال مەدرید لە کاتێکدایە کە لیڤەرپوول متمانەی ئەوەی بەخۆی هەیە کە دەتوانێت گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، تاوەکو لە مانەوە لە یانەکە بەردەوام بێت.

 ترێنت ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، لە ئەکادیمیای لیڤەرپوول پێگەیشتووە، یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین بەرگریکەرانی باڵی راست لە جیهاندا.