یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە ئەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، دادگا بڕیاری سزادانی ئەو كەسەی دەركردووە كە بە شێوەیەكی زارەكی هێرشی كردبووە سەر هەردوو یاریزانی یانەكەیان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر.

یانەكە ئاماژەی بەوەداوە، دادگای لیكۆڵینەوەی ژمارە پێنج سزاكەی دەركردووە بەرامبەر كەسێك كە وشەی رەگەزپەرستی و جۆراوجۆری لە وەشانێكی دیجیتاڵی رۆژنامەی ماركا بەرامبەر دوو ئەستێرەی یانەكەیان بەكارهێناوە.

رونیشیكردەوە، تۆمەتبارەكە بە ئەنجامدانی دوو تاوانی قورس سزادراوە كە بریتییە لە زیندانی كردنی بۆ ماوەی هەشت مانگ بەڵام ئەو سزایەی لەسەر لادەبرێت بەمەرجێك تۆمەتبار بەشداری بەرنامەیەك بكات لەسەر بابەتی یەكسانی و جیاكاری نەكردن.

ئەو یانەیە دەڵێت، ئەمە دووەمجارە یانەكەیان سەركەوتوو دەبێت لە سزادانی ئەو كەسانەی رەگەزپەرستی دەكەن و بەردەوامیش دەبن لەسەر دژایەتی كردنی ئەو كارە نەشیاوە تا جارێكیتر دووبارە نەبنەوە.