لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزەكە لە كۆتایی و دەستپێكردنی مێركاتۆی هاوینە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گورزێكی بەهێزی لە هیواكانی كیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی و گۆڵكاری یەكەمی یانەی پاریس سانجێرمان دا.

 كیلیان ئێمباپێ، لە كۆتایی وەرزی رابردوودا گرێبەستێكی نوێی تاوەكو مانگی حوزەیرانی 2025 لەگەڵ پاریس سانجێرمان واژۆكرد، سەرەڕای ئەوەی پێشتر لەگەڵ ریال مەدرید رێككەوتنی كردبوو بۆ ئەوەی بچێتە قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

بەگوێرەی رۆژنامەكانی ئیسپانیا، ئێمباپێ پەشیمانە و بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت رووبكاتە ریال مەدرید، كە ئەو پێیوابووە لەوانەیە لە كۆتایی وەرزی داهاتوودا ئەمە رووبدات، بەڵام وەڵامی ریال مەدرید بۆ ئەو شۆكهێنەر بووە.

 ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ریال مەدرید زیاتر متمانەی بە یاریزانی باڵەكەی ئێستای، ڤینیسیۆس جونیۆر هەیە و دەڵێن "بەرپرسانی ریال مەدرید بە بوونی ڤینیسیۆس نایانەوێت هەر بیریش لە گواستنەوەی ئێمباپێ بكەنەوە، كە دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و ناسر خلێفی، سەرۆكی ریال مەدرید رەتیدەكاتەوە دانوستاندن لەگەڵ سەرۆكی پاریس سانجێرمان بكات بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە ڤینیسیۆس لە هەمان ئاستی یاریزانە فەرەنسییەكەدایە و وەك ئەو لە یارییەكاندا ئاستێكی بەرزی پێشكێش دەكات، تەنانەت لەوانەیە لەو باشتریش بێت، وەك لە هەموو یارییەكانی خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگدا سەلماندوویەتی.