
سەرلەبەیانی دوێنێ بەشێكی یاریزانانی ریال مەدرید چوونە ڤالدێبێباس، بە گەشبینی و دڵخۆشییەكی زۆرەوە پشكنینی پزیشكییان ئەنجامدا، لەنێویاندا یاریزانە نوێیەكانی یانەكە جود بێلینگهام، فران گارسیا، براهیم دیاز و ئاردا گولەر ئامادەن، كە ئاردا ئامادەنەبووە هیچ پشوویەك وەربگرێت و راستەوخۆ پەیوەندیی بە یانەكەوە كردووە.
ریال مەدرید یەكەم یەكەی مەشقی ئەنجامدەدات، ئەنتۆنیۆ پینتۆس، راهێنەری توانای جەستەیی یانەكە راستەوخۆ سەرپەرشتی ئامادەكردنی یاریزانەكان دەكات، بۆ ئەوەی بەباشترین توانای جەستەییەوە ئامادەن بۆ یارییكردن.
ریال مەدرید بۆ كەمپێكی مەشق و راهێنان و ئەنجامدانی چەند یارییەكی دۆستانە دەچێتە ئەمریكا، رۆژی 23ـی ئەم مانگە یەكەم یاریی دۆستانەی بەرامبەر یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی دەبێت، دوای ئەوە لە 27ـی مانگ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد یارییدەكات.
لە كاتی گەڕانەوەی یانەی شاهانەدا لە رۆژی یەكەمدا تەنیا ئەم یاریزانانە ئامادەبوون، تۆنی كرووس، خیسوس ڤایێخۆ، لوكاس ڤازكێز، ئەلڤارۆ ئودریۆزۆلا، فێرلان مێندی، دانی سێبایۆس، براهیم دیاز، جود بێلینگهام، ئاردا گولەر و فێدریكۆ ڤالڤێردی.