رۆژنامەی تێلیگرافی بەڕیتانی ئاشكرایكرد، یانەی ئەلئەهلی سعودی سەركەوتوو بوو لە یەكلاییكردنەوەی گرێبەست كردن لەگەڵ ڕیاز مەحرەزی ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی.

رۆژنامەكە رایگەیاندوە، یانە سعودیەكە لەگەڵ مانچستەر سیتی گەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی لە پێناو گواستنەوەی ئەستێرە جەزائیریەكە بەرامبەر بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ بەشێوەیەك كە 30 ملیۆن یۆرۆی كاش و پێنج ملیۆن یۆرۆش وەك گۆڕانكاری و پاداشتەكانە.

دوپاتیكردووەتەوە، مەحرەز لە نزیكترین كاتدا پشكنینە پزیشكییەكان بۆ یانە سعودیەكە ئەنجامدەدات و دواتر بە فەرمی پەیوەندی بەو یانەیەوە دەكات و گرێبەستەكەی ئیمزادەكات.

ئاماژەی بەوەشداوە، گرێبەستەكەی مەحرەز لەگەڵ یانەی ئەل ئەهلی بۆ ماوەی سێ وەرز و تا هاوینی ساڵی 2026دە بێت و مووچەی ساڵانەی یاریزانەكەش لەو یانەیە 50 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

مەحرەز سێیەم گرێبەستی یانەی ئەهلی دەبێت لە مێركاتۆی هاوینەی ئەمساڵدا دوای ئەوەی پێشتر گرێبەستكردنی لەگەڵ هەریەكە لە ئیدوارد مێندی و رۆبێرتۆ فێرمینۆ راگەیاندوە.