ئالیخاندرۆ گارناچۆ بە وێنەیەك وەڵامی ئەو ڤیدیۆیەی داوەتەوە، گوایە لە یاریی كۆتایی كۆپا ئەمریكا میسی پشتگوێ خستووە و كێشە لە نێوان دوو یاریزانەكەدا هەیە بەهۆی ئەوەی گارناچۆ رۆناڵدۆ بە نموونەی باڵای خۆی دەزانێت.

گارناچۆ یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و یانەی مانچێستەر یونایتد لە پلاتفۆڕمی ئێكس، ریتویتی ئەو ڤیدیۆیەی كردووە كە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوكراوەتەوە، گوایە یاریزانە لاوەكە كە هەمیشە خۆی بە قوتابی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەزانێت و هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەكە بە نموونەی باڵای خۆی دەزانێت لەگەڵ میسی نێوانی باش نییە.

گارناچۆ لە وەڵامدا وێنەیەكی خۆی و مێسی بڵاوكردووەتەوە كە دەستی لە ملی لیۆ كردووە و یاریزانە لاوەكە بە دوو ئیمۆجی توانجی لە ڤیدیۆیەكە داوە و تۆمەتەكانی رەتكردووەتەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆیەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، كاتێك مێسی بەهۆی پێكانەوە دەست بە گریان دەكات، گارناچۆ هیچ كاردانەوەیەكی نابێت و گرنگی بە لیۆ نادات، میدیاكانیش باسیان لەوەكرد كێشە لە نێوان ئەو دوو یاریزانەدا هەیە.