
لە ساتی ناساندنی ئیندریك، یاریزانی نوێ یانەی ریاڵ مەدرید وتی: زۆر دڵخۆشم كە خەونەكەم هاتەدی و زۆر سوپاسی خودا دەكەم چونكە تەنیا خودا دەزانێت بە چیدا تێپەڕیوم، ئەوە بەرپرسیارێتییەكی زۆر گەورەیە، بەڵام من سوپاسگوزارم بۆ ئەو كارانەی كە دەیكەم.
سەبارەت بە گریانەكەی دەڵێت: گریانەكە پلان بۆ داڕێژراوو نەبوو، كارێكی خۆویست نەبوو، بەڵام ریاڵ مەدرید تێكەڵ بە هەست و رۆحم بووە و بەهۆی كریستیانۆ رۆناڵدۆوە ئەم یانەیەم خۆشویستووە، هیوادارم بتوانم مێژوو بنووسمەوە.
ئیندریك ئاماژەی بەوەشكرد، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ و میلیتاو زۆر قسەیان لەسەر ریاڵ مەدرید بۆ كردم، ئێستاش بەیەكەوە قسە دەكەین و هیوادارم هاوڕێیەتییەكی بەهێز لە نێوانمان هەبێت تا بتوانین یارمەتی تیپەكە بدەین.
دوپاتیشیكردەوە، عاشقی ریاڵ مەدریدە و كاتێك كۆمەڵێك ئۆفەری پێگەیشت بە باوكی وتووە كە ئایا ریاڵ مەدریدی تێدایە، دواتر راستەوخۆ یانەی شاهانەی هەڵبژاردووە و هیواخوازە تا كۆتایی تەمەنی لەو یانەیە بمێنێتەوە.
دەشڵێت: خودا بەرپرسیاریەتی یاریكردنی بۆ ریاڵ مەدرید پێداوم و دەزانێت كە دەتوانم مامەڵەی لەگەڵدا بكەم، ئێستاش دەبێت ئارامبم و كار بكەم و لە یاریزانەكانی دیكەوە فێرببم.