
ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی ئاماژەی بەوە كردووە، پێش دەستپێكردنی وەرز سێ قەیرانی گەورە ڕووبەڕووی بەرشەلۆنە دەبێتەوە، جا چ لەسەر ئاستی كارگێڕی یان لەسەر ئاستی تیپی یەكەم بێت.
ڕۆژنامەكە دووپاتی كردەوە كە بەرشەلۆنە بەر لە دەستپێكردنی وەرزی نوێ ڕووبەڕووی سێ كێشەی گەورە دەبێتەوە، ئەوانیش:
دۆسیەی عوسمان دێمبێلێ هەرچەندە پاریس سانجێرمان بڕیاریدا گرێبەستەكەی لەگەڵ عوسمان دێمبلی واژۆ بكات، بەڵام ڕاستییەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە هێشتا یاریزانی یانەی بەرشەلۆنەیە، تا ئەو كاتەی پڕۆسەكە دەبێت بە فەرمی.
تۆمار كردنی یاریزانە نوێكان
گومانی تێدا نییە كە قەیرانی تۆماركردنی گرێبەستی نوێ لە پێشینەی كارەكانی یانەی بەرشەلۆنەدایە، بەو پێیەی ئیدارەی بەرشەلۆنە كار لەسەر ئەوە دەكات بە زووترین كات چارەسەری بكات، بەڵام تا ئەمڕۆ یانەكە تەنها 13 یاریزانی لە پاڵەوانێتی خولی ئیسپانیا تۆماركردووە.
خوان لاپۆرتا سەركەوتوو نەبووە لە تۆماركردنی گرێبەستە نوێیەكانی وەك گوندۆگان، ئینیگۆ مارتینێز، ڕۆمیۆ، جگە لە زوزلی، لەگەڵ چەند یاریزانێكی تیپەكە وەك ئاراوخۆ، سێرجی ڕۆبێرتۆ، ماركۆس ئەلۆنسۆ، ئەلیخاندرۆ باڵدێ.
فرۆشتنی یاریزانەكان
بەرشەلۆنە كاردەكات بۆ خێراكردنی فرۆشتنی هەندێ یاریزانان لە تیپەكەدا وەك كیسێ و لێنگلێت و سێرجینۆ دێست بۆ ئەوەی سوود لە پارەی فرۆشتنیان وەربگرێت بۆ ئەوەی گرێبەستی نوێ تۆماربكات.