فەهد بن نافل، سەرۆكی یانەی هیلالی سعوودیە ڕەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەسەر ئەگەری گواستنەوەی لیۆنێل مێسی بۆ وەرزی داهاتوو بدات. دەشڵێت: هەر ئەستێرەیەك بێتە هیلال دەبێت لەوە تێبگات یانەكەمان لە هەموو یاریزانێك گەورەترە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویكردەوە كە رۆیشتنی لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان بۆ یەكێك لە یانەكانی سعوودیە نزیكبووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.

لەمبارەیەوە، بن نافل سەرۆكی یانەی هیلال لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی مێسی گوتی: تكایە لەبارەی مێسیەوە پرسیارم لێ مەكەن، هیچ هەواڵێكتان پێ نادەم، باوەڕ بە هیچ شتێك مەكەن تا لە راگەیاندنی یانەكەمان بڵاونەبێتەوە.

بن نافڵ لە چاوپێكەتنێكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی سعوودیە دەڵێت: بەگشتی تیپەكەمان لە هەموو یاریزانێك گرنگترە، هەر ئەستێرەیەك بێتە یانەكەمان دەبێت بزانێت كە ئێمە تیپێكی گەورەین، لەسەرووی هەموو یاریزانێكین، ئامانجمان باشتركردن و بەهێزبوونی تیپەكەمانە، بەڵام ئەگەر سەرنجت لەسەر یەك یاریزان بێت، ئەوا بە گشتی تیپەكە لەدەست دەدەیت.

ئەمەش لە كاتێكدایە خۆرخی مێسی باوكی لیۆنێل مێسی ڕەتی دایەوە كە بە هیچ شێوەیەك لیۆی كوڕی ڕێككەوتنی لەگەڵ هیچ یانەیەكدا نییە بۆ ساڵی داهاتوو، دەشڵێت: مێسی تا كۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ پاریس هیچ بڕیارێك نادات، كاتێك وەرزەكە تەواو بوو ئەوكات بزانین چی روودەدات.

خۆرخی مێسی گوتیشی: هەمیشە ناوی لیۆنێل بەكاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ، بەڵام ڕاستییەكە تەنها یەكە و دڵنیابین لەوەی هیچ ڕێككەوتنێك لەگەڵ كەسدا نییە. نە زارەكی، نە واژۆكردن، نە ڕێككەوتن.