سعود سەرامی وتەبێژی پێشووی یانەی نەسڕ رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە كریستیانۆ رۆنالدۆی پورتوگالی وەرزی 2024 بۆ 2025 لە یانەی نەسڕ دەمێنێتەوە و درێژە بە كاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ یانەكەی دەدات

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە سعودی سەرامی ئاشكرایكرد، وەرزی دوای ئەوە ئەستیرە پورتوگالیەكە لە نەسڕ نامێنت و روو لە یانەیەكی دیكەی دەرەوەی خولی سعودی دەكات.

ئەم لێدوانەی وتەبێژەكەی پێشووی نەسڕ لە كاتێكدایە، سعودییەكان میوانداری جامی ئاسیای ساڵی 2027 دەكەن و دەیانەوێت رۆناڵدۆ بەكاربهێنن تا قازانجێكی دارایی زۆر بكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژنامە سعودییەكان دوپاتیانكردەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ گرێبەستەكەی لەگەڵ نەسڕ بۆ وەرزێكی دیكە نوێ دەكاتەوە و دەیەوێت ركابەری لەسەر نازناوەكان بكات لەگەڵ ئەو یانەیەدا.

رۆنالدۆ لەگەڵ نەسڕ بەشداری لە 64 یاریدا كردووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەكان، لەو ماوەیەدا توانیویەتی 58 گۆڵ و 15ئەسیست بە ناوی خۆیەوە بنوسێتەوە، بەڵام هیچ نازناوێكی فەرمی لەگەڵیان بەدەست نەهێناوە.