
یەك شەممەی رابردوو كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاری یانەكەی بەرامبەر شەباب ئاماژەیەكی نەشیاوی بۆ هاندەرانی شەباب ئەنجامداوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی یاریزانەكە تووشی رەخنەی زۆر ببێتەوە داوا دەكرا سزا بدرێت.
گریمانە سەرەتاییەكان ئاماژەیان بەوە دەكرد كە بە ئەگەرێكی زۆرەوە ڕۆناڵدۆ بەهۆی هەڵسوكەوتە نەشیاوەكانیەوە لەبەردەم هاندەرانی یانەی شەبابدا دوو یاری رادەگیرێت، بەڵام میدیا عەرەبییەكان بڵاویانكردەوە، ئەستێرەكەی نەسڕ لە كاتی بەرگری كردن لەخۆی بە لیژنەی رێككاری ڕاگەیاندووە، كە مەبەستی بێ ڕێزی نەبووە و ڕێز لە هەموو یانەكان دەگرێت، ناوبراو بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە ئەو ئاماژەیەی كە كردوویەتی لە ئەوروپا بە بێڕێزی نازانرێت.
بەڵام لە كۆتایدا لیژنەی رێككاری یەكێتی تۆپی پێی سعودیە بڕیاری سزادانی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی دەركرد، ئەستێرەكەی نەسڕ سزای راگیرانی بۆ یەك یاری بەسەردا سەپێنرا، جیالەوەش 30 هەزار ریاڵی سعودی پێبژاردنی دارایی بەسەردا سەپێنرا كە دەبێت 10 هەزاریان بدات بە یەكێتی تۆپی پێی سعودیە و 20 هەزاریشیان بە یانەی شەباب.