دوو ساڵ لەمەوبەر دیبالا وەكو یاریزانێكی ئازاد یوڤێنتوسی بەجێهێشت و پەیوەندی بە ڕۆما كرد لەو كاتەوە بۆتە یەكێك لە گرنگترین یاریزانەكانی ئەم تیپە و جێگەی خۆی لە دڵی هاندەرانیشدا كردوەتەوە.

وەرزی رابردوو ئەم هێرشبەرە تەمەن 30 ساڵە توانی لە 39 یاریدا 16 گۆڵ و 10 ئەسیست بۆ ڕۆما تۆمار بكات، جگە لەوەش بووەتە كەسایەتییەكی گرنگ لە ژووری جلگۆڕینی ئەم تیپە و تەنانەت ئەم هاوینە، توانی ماتیاس سولێ ڕازی بكات كە یۆڤی بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە جیالۆرۆسیەوە بكات.

پێشتر دەنگۆی ئۆفەرە زەبەلاحەكانی یانە سعودییەكە بۆ ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینییە بڵاوبوەوە، ئێستاش كالچۆ مێركاتۆ بانگەشەی ئەوەی كردووە، كە هەردوو یانەی ئیتیحاد و ئەهلی جارێكی دیكە هەوڵی ڕازیكردنی دیبالا دەدەن بۆ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ خولی رۆشەنی سعودییە.

هەردوو یانەكە بە دیبالایان ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ئۆفەرەكەیان قبوڵ بكات ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆی پێدەدەن و بەپێی بڕگەكانی پاداشتیش دواتر دەگاتە 20 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لە ئێستادا نە ڕۆما و نە یاریزانەكە هیچ ئارەزووی قبووڵكردنی ئەم ئۆفەرانەیان نییە.