
كۆمیسیۆنی شاهانەی شاری ڕیاز و وەزارەتی وەرزشی سعودیە دیزاینی یاریگای شا سەلمان و دامەزراوە وەرزشییەكانی تریان ئاشكرا كرد كە دەبێتە یەكێك لە گەورەترین یاریگاكانی جیهان و هەروەها دەبێتە بارەگای سەرەكی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سعودیە و میوانداری ڕووداوە وەرزشییە گەورەكان دەكات.
یاریگاكە كە بڕیارە لە كۆتایی ساڵی 2029 تەواو بێت، دەكەوێتە باكووری شاری ڕیاز لە تەنیشت پاركی شا عەبدولعەزیز و نزیكە لە شوێنە گرنگەكانی شارەكە.
دیزاینی تەلارسازی یاریگای سەرەكی بە دیوارە سەوزەكانی و سەقفەكانی جیا دەكرێتەوە، ڕووبەرەكەی 96 هەزار و 500 مەتر چوارگۆشەیە، پرۆژەكە هێندە گەورە دەبێت كاریگەری دەبێت لەسەر كوالێتی ئاستی ژیان لە شاری ریاز و هەروەها دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی كوالێتی شارەكە بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە باشترین شارەكانی جیهان بۆ گونجانی ژیانكردن تێیدا.
ڕووبەری گشتی یاریگای شا سەلمان 660 هەزار مەتر چوارگۆشە تێدەپەڕێنێت، هەروەها كۆمەڵێك دامەزراوەی وەرزشی لە دەوری یاریگای سەرەكی بە ڕووبەری 360 هەزار مەتر چوارگۆشە درووست دەكرێن كە دیارترینیان دوو گۆڕەپانی مەشق و ڕاهێنان، ناوچەی هاندەران، هۆڵێكی وەرزشی داخراو، مەلەوانگەیەكی قەبارەی ئۆڵۆمپی و یاریگایەكی وەرزشی، جگە لە یاریگاكانی دەرەوە وەك تۆپی بالە، باسكە و كۆمەڵێكی تر.
یاریگای سەرەكی شا سەلمان جێگای 92 هەزار هاندەری لێدەبێتەوە، هەروەها كابینەیەكی شاهانەی هەیە كە دەتوانێت 150 كورسی و 120 كورسی میوانی ڤی ئای پی لە خۆ بگرێت، جیالەوەی نزیك دوو هەزار و 300 كورسی ڤی ئای پی دیكە دابیندەكرێت بۆ بینەران.
یاریگاكە سیستەمی فێنككەرەوەی بەردەوام بۆ كورسی و زەوی هاندەران لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە بەردەستبوونی باخچەی ناوەوە و ڕێڕەوێكی ڕۆیشتن لەسەر سەقفی یاریگاكە لەگەڵ دیمەنێكی جیاواز لە پاركی شا عەبدولعەزیز، كە ئەزموونێكی ناوازە بۆ سەردانیكەران دابین دەكات.