
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی ئینگلتەرا ئاشكرایان كرد، یانەكانی سعودی بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ گواستنەوەی كاسیمیرۆی بەڕازیلی و یاریزانی مانچستەر یونایتد و هێشتا بێ هیوا نەبوونە لە گواستنەوەی.
كاسیمیرۆ دەیەوێت پێش دەستپێكردنی وەرزی نوێ یونایتد جێبهێڵێت، دوای ئەوەی دوو وەرزی لەگەڵ شەیتانە سوورەكان بەسەر برد، سكای سپۆرتیش لە نوێترین بڵاوكراوەیدا ئاماژەی بەوەداوە، كە یاریزانە تەمەن 32 ساڵانەكە لە ئێستادا لە لایەن یانەكانی سعودیەوە گرنگی پێدەدرێت.
پێشتر و پێش ئەم هەواڵەش ناوی كاسیمیرۆ بە چوونی بۆ خولی سعودییە و یانەی نەسڕ دەبەسترایەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی هاوڕێی پێشووی لە یانەی ڕیال مەدرید، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، هەروەها ئەلێكس تێلێس، یاریزانی پێشووی یونایتد یاری بكات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڕێوبەرانی یونایتد چاوەڕێی رۆیشتنی ئەستێرە بەڕازیلییەكەن بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ گواستنەوەی یاریزانێك بۆ جێگرتنەوەی، وە ناوی جواو گۆمێزی یاریزانی وۆڵڤەرهامپتۆن بە یانەكەوە دەبەسترێتەوە.