
دوای ئەوەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی یاریزانی پێشووی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی پەیوەندیكردنی بە یانەی ئینتەر میامی ئەمریكییەوە ڕاگەیاند، لە ئێستادا وردەكانی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانە ئەمریكیەكە بڵاوكراوەتەوە.
گاستۆن ئیدۆڵی ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی تۆڕی تی وای سی سپۆرتی ئەرجەنتینی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاشكرایكردووە، كە میسی بەجۆرێك گرێبەستەكەی لەگەڵ میامی ئەنجامداوە، كە هەر كاتێك بیەوێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا هەڵیبوەشێنێتەوە.
ئیدۆڵ ڕوونیكردووەتەوە و دەڵێت "گرێبەستەكەی میسی لەگەڵ میامی بۆ سێ ساڵە، بەڵام هەر ساڵێكیان لەوی تر جیاوازە، میسی دەتوانێت لە حوزەیرانی هەر ساڵێك یەكلایەنە گرێبەستەكەی هەڵبوەشێنێتەوە و نوێی نەكاتەوە بۆ وەرزی نوێ".
ئیدۆڵ باسی لەوەشكردووە، هەر كاتێك حوزەیران تێپەڕی و میسی داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نەكرد، ئەوا ئۆتۆماتیكی گرێبەستەكەی بۆ وەرزی داهاتوو نوێدەبێتەوە.
ئینتەر میامی سێیەم یانەیە میسی لە كاروانە وەرزشیە پیشەگەرەكەیدا یاری بۆ بكات لە دوای پاریس سان جێرمان و بەرشەلۆنە، كە لەگەڵیادا 853 یاری كردووە و 704 گۆڵی تۆماركردووە.