بەڕێوەبەرانی بەرشەلۆنە لەم ڕۆژانەدا تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە داراییەی كە بەرۆكی یانەكەی گرتۆتەوە و دەیانەوێت دۆخەكە بەو ئاراستەیە بگوازنەوە كە بتوانن گرێبەست لەگەڵ یاریزانان بكەن بەبێ ئەوە یاساكانی دادپەروەری دارایی لالیگا و یوفا پێشێلبكەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوی چەند یاریزانێك وەك بژاردەی سەرەكی بارشا بۆ گواستنەوەیان لەم هاوینەدا هاتووە، لویس دیاز و نیكۆ ویلیامز دیارترین دوو یاریزانن كە ماوەیەكی زۆرە بە ئامانجی سەرەكی بەرشەلۆنە دانراون.

بەڵام ئێستا ڕۆژنامەی سپۆرت بڵاویكردوەتەوە، كە گرژی لەنێوان بەڕێوەبەرانی یانەكەی كەتەلۆنیا هەیە بۆ ئەوەی لەنێوان ئەم دوو ئەستێرەیە یەكێكیان هەڵبژێرن، دیكۆ ئارەزووی گواستنەوەی ئەستێرەكەی لیڤەرپوڵ دەكات، بەڵام دەستەی كارگێڕی دووپاتی دەكەنەوە كە ویلیامز بژاردەیەكی باشترە و پێویستە هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئەو بدەن، تا ئێستاش ئەو دوو باڵەی لایەنەكە لەسەر بڕیاری كۆتایی ڕێكەوتنیان ئەنجامنەداوە.

ئەمە لە كاتێكدایە بەرشەلۆنە ئەگەر بتوانێت لەم هاوینەدا رافینیا بفرۆشێت و شوێنی مووچەكەی بەتاڵ بێت، توانای ئەوەی دەبێت لە وەرزی دهاتوو یەكێك لەو دوو یاریزانە بگوازێتەوە ریزەكانی.