لیۆنێل سكالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێش یاریەكەیان بەرامبەر كۆڵۆمبیا رایگەیاند، لە دوای یاری رابردووەوە كەمێك هێزیان بۆ گەڕاوەتەوە و ئامادەن بۆ ئەو یاریە.

سكالۆنی وتی: نیكۆ گۆنزالێس بە شێوەیەكی جیاواز راهێنانی كردووە و ماك ئەلیستەریش بەردەوامە لە راهێنان كردن بەڵام هێشتا بریاری كۆتاییان لەسەر نەدراوە كە بەشداری ئەو یاری دەكەن یان نا.

وتیشی، ئەستەمە تیپەكەمان پشت بە لیۆنێل میسی نەبەستێت چونكە یاریزانێكی تایبەتە بەڵام ئەم تیپەی ئێستا بیرۆكەی خۆیان هەیە و گرنگ نییە كێ تیایدا یاری دەكات، كاتێك میسیش لە پێكهاتەكەدا بوونی نییە هەر بۆ بردنەوە یاریدەكەین.

دەشڵێت، پێش ئەوەی لیست ئامادەبكەین پەیوەندی بە یاریزانە بانگهێشتكراوەكانەوە دەكەم و میسیش لەو بابەتە بێبەری نەبووە، بەڵام ئێستا دڵنیان نین بۆ مانگی داهاتوو ئەو یاریزانە ئامادەدەبێت لەگەڵیان یان نا.

رونیشیكردەوە، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا ساتی زۆر تایبەتی لەگەڵ هەڵبژاردەكەیدا بەسەربردووە بەتایبەت لە كاتی بەدەستهێنانی نازناوەكانی مۆندیال و دوو نازناوەكەی كۆپا ئەمریكا.

سكالۆنی دوپاتیكردەوە نمونەی ئەو لە كاری راهێنەرایەتیدا كارلۆ ئەنچیلۆتیە چونكە لە زۆر رووەوە هاوشێوەی یەكن، ئەو راهێنەرە مێژوویەكی نایابی تۆماركردووە.