
ئارنی سلۆتی راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ پێش یارییەكەیان بەرامبەر لیستەر سیتی رایگەیاند، تا ئەم ساتە وەرزێكی نایابیان بەڕێكردووە ئەوەش بەهۆی كاری بە كۆمەڵەوە بەدیهاتووە.
سلۆت وتی، هیوادارم هاندەران چێژێكی زۆریان لە یارییەكانی یانەكەمان ببینێت چونكە كاری یەكەمی ئێمە دڵخۆشكردنی ئەوانە و لە یاریگاشدا بەردەوام پشتگیرییان كردووین.
وتیشی، بەڵێن بە هاندەران دەدەین كە لەسەر ئەو شێوازە ئاستە و ئەنجامە نایابەكان بەردەوام دەبین و پێویستە هەر ئەوەش لە بیركردنەوەماندا هەبێت تا زیاتر بەرەوپێشبچین.
دەشڵێت، هێشتا وەرزەكە زۆری ماوە و ژمارەیەك یاری گرنگ ماون كە ئەنجامی بدەین، لەبەرئەوە دەبێت بە وریاییەوە لە نیوەی دووەمی وەرزەكەدا مامەڵە بكەین تا تووشی كێشەی گەورە نەبینەوە.
لە كۆتاییشدا دوپاتیكردەوە، بۆ هیچ یاریزان و راهێنەرێك ئاسان نییە خۆی لەگەڵ ژیانی شاری لیڤەرپوڵ رابهێنێت چونكە پێویستی بە ماندووبونی زۆرە و ئەو راستیەشی بۆ دەركەوت كە لیڤەرپوڵ خاوەنی مێژووییەكی گەورەیە.