
پێش رووبەڕوبوونەوەی كرواتیا، سپالێتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا وتی، هەندێك یاری هەیە كە وا دەكات مێژووەكەت درێژ بێت یان كورت، كاتێك ئەم یاریزانانەم لە یانەكانیان بینی، هەستم بە تامەزرۆیی ئەوان دەكرد بۆ ئەوەی لێرە بن، بەڵام دیارە ئاستی تیپەكەم بەرامبەر ئیسپانیا بەدڵ نەبوو، هەنگاوێكمان بۆ دواوە نا، بەڵام لەو یارییەوە فێربووین.
ڕاهێنەرەكەی ئیتاڵیا جەختی لەسەر پێویستی یاریزانەكانی كردەوە بۆ ئەوەی ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەن و وتی: قسەكردن ئاسانە، دەبێت كردارمان هەبێت نەك تەنها قسەكردن، چونكە نەمانتوانی هەندێك لەو قسانەی پێش یارییەكەی ئیسپانیا كردمان جێبەجێی بكەین، دەبێت بچینە ناو یاریگا و یاری بكەین و واز لە قسەكردن بهێنین.
سپالێتی نەشیشاردەوە كاتی ئەوە هاتووە چەند گۆڕانكارییەك لە پێكهاتەی هەڵبژاردەكەی بكات و ئاماژەی بەوەكرد، دوای چەند یارییەك دەبێت گۆڕانكاری بچووك لە پێكهاتەكەیان بكەن و هەڵەی كردووە كە بەرامبەر ئیسپانیا گۆڕانكاری نەكردووە، لە ئێستادا هەست دەكەن ماندوێتی لە پێكهاتەكەیان بەدی دەكرێت.