پێش روبەڕووبوونەوەی رایۆ ڤایكانۆ، دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەتلەتیكۆ مەدرید رایگەیاند، پابلۆ باریۆس ئاستی بەرەوپێشچوونێكی زۆری بە خۆیەوە بینیووە و لە داهاتووشدا یارمەتی دەدەن گەشەی زیاتر بكات، بۆ یارییەكی ڤایكانۆش بارودۆخی هەڵدەسەنگێنن و بڕیار لەسەر یاریكردن و نەكردنی دەدەن.

سەبارەت بە ئاستی ئۆبلاكیش دوپاتیكردەوە، یاریزانەكە ئاستی تاكەكەسی هەمیشە باش بووە و یەكێكە لە یاریزانە گرنگەكانی ئەوان.

لەبارەی یاری پێشوویان كە شكستیان هێنا، وتی: لە یاری پێشوو ئاستێكی خراپمان پێشكەش كرد بە تایبەتی تایمی دووەم، ئەو گۆڵەشی لێمان تۆماركرا بەهۆی هەڵەی خۆمانەوە بوو.

وتیشی: بۆ ڕاهێنەرێك، مانەوە لە یانەیەك بۆ ماوەی 14 ساڵ مانای ئەوەیە یاریزانەكان ئاستێكی ناوازەیان پێشكەش كردووە، ڕاهێنەرەكان ساحیر و گەردوونناس نین؛ ئێمە هەوڵدەدەین شێوازی خۆمان جێبەجێ بكەین، من خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە 14 ساڵ لەگەڵ ئەو یاریزانانە كارم كردووە.