
خاڤیێر تێباس، سەرۆكی كۆمەڵەی لالیگا لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدریدی دایەوە كە تێیدا نووسیویەتی : شەرمەزارییە كارلۆ بۆ ئەم مەبەست تۆ بەكاردەهێنن، سەرەڕای ئەو ئەزموونە زۆرەی هەتە، كاتێك باسم لەوەكرد ریاڵ مەدرید یانەیەكی گرینۆكە، من بە ئاشكرا ئاماژەم بۆ ئەم دۆخە دەكرد، هەمیشە هەوڵ دەدەن خۆیان وەكو قوربانی پیشان بدەن.
باسی لەوەشكردووە، لە منداڵییەوە هاندەری ریاڵ مەدریدە بەڵام ئەو سیاسەت و شێوازەی ئێستا بەرپرسانی یانەكە پەیڕەوی دەكەن ئەوە نییە كە پێشتر دەیانناسی و ئەو رەفتارانەیان بێڕزیكردنە بەرامبەر ملیۆنان هاندەری یانەكە.
ئەوەش لە وەڵام ئەو قسانەبوو كاتێك ئەنچیلۆتی وتی: تیباس بەردەوام باسی ریاڵ مەدرید دەكات، وابزانم واباشترە خەریكی چارەسەركردنی كێشەكانی لالیگا بێت نەوەك هێندە بیری لای ئێمە بێت، وە نازانم بۆچی خۆی وەكو هاندەرێكی شەرمنی ریاڵ دەناسێنێت، بڕوام وایە ئەوەی هاندەری یانەكە بێت شانازیمان پێوە دەكات.