ئەفسانەی پێشووی یانەی ڕۆما، فرانچیسكۆ تۆتی كە لە ساڵی 2017 وازی لە یاریكردن هێنا، بانگەشەی ئەوە دەكات ئەگەر یانەیەك هەوڵی گواستنەوەی بدات ئەوا دەتوانێت لە دوو مانگی داهاتوودا ئامادە بێت بۆ گەڕانەوە بۆ یاریگاكان.

لە ئێستادا تۆتی لە لیستی ئەو 10 یاریزانە بە تەمەنانەدا نییە كە لە خولی ئیتاڵیا یارییان كردبێت، بەڵام ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ یاریكردن لەو خولە ئەوا بێ ركابەر دەبێتە یەكەمی لیستەكە چونكە تەمەنی 48 ساڵە.

گەڕانەوەی تۆتی بۆ خولی ئیتاڵیا بەندە بە بارودۆخی جەستەییەوە، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان وتی: سەبارەت بە سێریا ئەی، لانیكەم پێویستم بە دوو مانگ مەشق و ڕاهێنانە، ئەوە گاڵتە نییە، من بە جددی وەریدەگرم.

كاتێك پرسیاری ئەوەی لێكرا كە ئایا هیچ یانەیەك لە مێشكیدایە وەك بژاردەی ئەگەری، تۆتی لە وەڵامدا وتی: بەڵێ یەك یان دوو یانە هەیە، ئێستا با بزانین جەستە و دەروونم چی دەڵێن، مێشكم پێشتر وەڵامەكەی دەزانێت، بەڵام دەبێت دەربارەی جەستە بزانم چۆنەبێت و دەبێت دڵنیاببمەوە.