بەپێی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لێژنەی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی بڕیاریداوە دۆسیەكەی ڤالڤێردی یاریزانی ریال مەدرید و باینای یاریزانی ڤیاریال رادەستی لێژنەی لالیگا بكات و لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم رووداوە دەكەن.

سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوە كردووە بڕیارە رۆژی چوارشەممە لێژنەی سزاكان لە لالیگا كۆ ببێتەوە و هەردوو یاریزان بانگهێشت دەكرێن بۆ ئەوەی قسەی خۆیان لەسەر رووداوەكە بكەن، هێما بۆ ئەوەش كراوە ئەگەر هەیە ڤالڤێردی ئۆرۆگوایی بۆ چوار تا دوازدە یاریی سڕ بكرێت و لە ماوەی مانگ و نیوێكدا سزاكە جێبەجێ دەكرێت.

لە دوای یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و ڤیاریال، ڤالڤێردی لە دەرەوەی یاریگا لە باینای داوە و ئەم یاریزانەش لە لایەن پۆلیسەوە سكاڵای لەسەر یاریزانەكەی ریال مەدرید تۆمار كردووە.

سەرەتای ئەو ناكۆكییە بۆ یاریی نێوان هەردوو یانە لە 19ی یەنایەر لە جامی شای ئیسپانیادا دەگەڕێتەوە، كە یانەی ریاڵ مەدرید یارییەكەی بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ بردەوە و ئەوكات یاریزانەكەی ڤیاڕیاڵ بە ڤاڵڤێردی گوت: بگری ئێستە، چونكە كوڕەكەت لەدایك نابێ ئەوە لە كاتێكدا بوو، كە یاریزانە ئۆروگواییەكە و خێزانەكەی مینا بۆنینۆ، خەریك بوو منداڵەكەیان لەدەست بدەن لەو كاتەی مینا سكپڕ بوو.