تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریكی، دووپاتیكردەوە كە لیۆنێل مێسی دەیەوێ هەمیشە، هەموو یارییەك و هەموو خولەكێك یاری بكات.

 لە دوای یاریی ئینتەرمەیامی و ئۆرلاندۆ سیتی، كە لە قۆناخی 32ـی جامی خولەكان بەڕێوەچوو، و ئینتەرمەیامی بە ئەنجامی 3-1 سەركەوتنی بەدەستهێنا، تاتای راهێنەری ئینتەرمەیامی لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەكەدا، باسی تیپەكەی و لیۆنێل مێسی كرد.

 لە درێژەی قسەكانیدا تاتا وتی: پێموایە ئاستێكی باشمان هەیە، لە سەرووی هەموو شتێكەوە بردنەوەكەمان بەدەستهێناوە، كە شوێنێكی باشە بۆ دەستپێكردن. ئێمە لەگەڵ هەر پاسێكدا باشتر دەبین لە دابەشكردنی تۆپەكە، و لە كۆتایی یاریگاكەدا كاریگەرتر دەبین. ئەگەر هەندێك بەرگری بەهێز بكەین، كە من جۆرێك لە گەشەكردن لەو لایەنەدا دەبینم، و بتوانین گۆڵەكەمان بە خاوێنی بپارێزین، یاریزانەكان لە هێڵی ناوەڕاستەوە دەرفەتی باشتریان دەبێت بۆ ئەوەی بچنە پێشەوە و لە هەموو یارییەكدا گۆڵ تۆماربكەن.

 سەبارەت بە لیۆ، ئەو هەمیشە دەیەوێ هەموو یارییەكان و هەموو خولەكەكان یاری بكات. ئەو هەموو یارییەكەی بەرامبەر ئەتلانتا ئەنجام نەدا وەك ئەوەی لەسەری رێككەوتبووین. كاتێك یارییەكە تا راددەیەك یەكلاییمان كردبووەوە ئەو 10 یان 15 خولەك هاتە دەرەوە. بەڵام لە یاریی ئەمجارە هیچ هۆكارێك نەبوو بۆ ئەوەی دانیشێت، بینیم دۆخەكە بە باشی رۆیشت و یارییەكەی بە باشی تەواوكرد. ئەگەر بەردەوام بێت لە زیادكردنی خولەكەكانی یاریكردن لە هەر یارییەكدا، ئەوا ئاسوودەتر دەبێت و توانای جەستەییشی باشتر دەبێت.