
خاڤێر تیباسی سەرۆكی ڕابیتەی لا لیگا، دوێنێ یەكشەممە لە بەغدای پایتەختی عێراق بوو بۆ ئیمزاكردنی هاوبەشییەكی فەرمی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی عێراق، لە پێناوی ئەنجامدانی خولی پیشەگەرەكانی عێراق لە وەرزی داهاتوودا.
لە بارەی ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی یاریزانی پێشووی پاریس سان جێرمان بۆ یانەی بەرشەلۆنە، پرسیار لە تیباس كرا و ئەویش وتی "ئەو پرسیارە لە بەرشەلۆنە بكەن نەك لە من".
ئەم پرسیارە لە كاتێكدایە، ڕێساكانی ڕابیتەی لا لیگا لە یاسای یاری پارەی خاوێندا ڕێگرن لە بەردەم بەرشەلۆنە بۆ گەڕاندنەوەی میسی بۆ ڕیزەكانی، بەهۆی ئەوەی بارودۆخی دارایی یانە كەتەلۆنیەكە لەبارنییە.
هاوكات بەرشەلۆنە پلانی توانا داراییەكانی لەسەر لیستی موچە بۆ وەرزی داهاتوو پێشكەشی ڕابیتەی لا لیگا كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ڕابیتەی ناوبراوە بۆ تۆماركردنی گرێبەست و ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ لە مێركاتۆی هاوینەدا.
میسی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس نوێنەكردەوە و بەفەرمی ڕۆیشتنی لە یانەكە ڕاگەیەندرا، بەمەش دەتوانێت سەربەستانە پەیوەندی بە هەر یانەیەكەوە بكات، كە بیەوێت.