خافێر تیباس سەرۆكی لالیگا لە بەرنامەییەكی وەرزشی بە ناوی بیركردنەوە لە تۆپی پێ لە ئیسپانیا رایگەیاند خولی سعودی زۆر دوورە لەوەی نیگەرانمان بكات.

تیباس وتیشی : ئەوروپا بەهێزترین شوێنە بۆ پیشەسازی تۆپی پێ لە جیهاندا و ئەمەش بەڕێكەوت نییە ، سەدان ساڵە یانەكان دروستكراون و دەیان ساڵە باسی كێبڕكێكان دەكەین، پاڵەوانێتییەكانی ئێرە گرنگترن لە خودی یاریزانەكان ، ڕەنگە یاریزانەكان بڕۆن بەڵام یانەكە لێرە لە ئەوروپا جێگیرە، بۆیە هەستێكی گەورەتر بەرامبەر بە یانەكان هەیە.

سەرۆكی لالیگا ئاماژەی بەوە كرد ئەگەر لە كەسێكی دەرەوەی وڵات بپرسیت كەریم بنزیمە ئێستا لە سعودیە بۆ چ یانەیەك یاری دەكات، دەڵێت نا نازانم وە ناتوانێت وەڵام بداتەوە و مەحاڵە تۆپی پێ لە سعودیە بەم شێوەیە گەشە بكات، تەنها پشت بە ناوی یاریزانەكان ببەستێت.

تیباس روونیشیكردەوە ئەگەر سعودیە بیەوێت لە تۆپی پێدا پێشبكەوێت، پێویستە زۆر كاربكات بۆ پەرەپێدانی براندەكانی یانەكانیان و براندەكانی خولەكانیان و لالیگا 200 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە لە سۆشیال میدیا، لە بەرامبەردا خولی سعودیە تەنها 5 ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە.

لە كۆتایشدا وتی :كەس سەیری خولی سعودیە ناكات لە ئەمریكا و ئەفریقا و ئەو ڕێگایەی لە سعودیە گرتیانە بەر ڕێگایەكی دروست نییە بۆ ئەوەی هەوڵی پێشكەشكردنی خولێكی گەورە بدەن و ئەوەی ئێستا كردوویانە بەهۆی پارەوەیە.