
ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی ریال مەدرید لە كاتی قسەكردن لەبارەی رەگەزپەرستییەوە دەست بە گریان دەكات و دەڵێت ئەو دیاردەیە ئارەزووی بۆ یاریكردن كەمدەكاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 26-3-2024، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بەرازیل دەكات، لە یارییەكی دۆستانەدا كە ئامانج لێوەی بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە لە دژی رەگەزپەرستی.
رێكخستنی ئەم یارییە دوای ئەوە دێت كە ساڵی رابردوو، ڤینیسیۆس جونیۆر لە یاریی یانەكەی بەرامەر ڤالێنسیا رووبەڕووی كرداری رەگەزپەرستی بووەوە، لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەكە ئەستێرە بەرازیلییەكە لەكاتی باسكردنی رەگەزپەرستی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەست بە گریان دەكات و دەڵێت "تۆپی پێ گرنگە، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی گرنگترین شتە. من تەنیا دەمەوێت تۆپی پێ بكەم، تەنیا دەمەوێت یاری بكەم و هەموو هەوڵێك لە پێناو یانەكەمدا بدەم."
دواتر ڤینیسیۆس باس لەوە دەكات كە رەگەزپەرستی كاریگەری لەسەر ئارەزووی بۆ یاریكردنی كردووە و دەڵێت "من ماوەیەكی زۆرە ئەو دیاردەیە دەبینم، رۆژ بە رۆژ خەمبارتر دەبم و حەزم بۆ یاریكردنم كەمتردەبێتەوە."
هێرشبەرەكەی ریال مەدرید رەتی كردەوە كە ئەو كردارە رەگەزپەرستییانەی لە ئیسپانیا رووبەڕووی دەبێتەوە، ببنە هۆی ئەوەی یانەكەی بەجێبهێڵێت و دەڵێت "من زۆر بیرم لەوە كردەوە كە ئێرە بەجێبهێڵم، بەڵام ئەوە ئەو كارەیە كە رەگەزپەرستەكان دەیانەوێت بیكەم. من دەمەوێت لێرە بمێنمەوە، لە باشترین یانەی جیهان و خەڵكیش دەبێت بەردەوام دەموچاوی من ببینن."
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە كردووە، لە چەندین یاریی جیاوازدا كێشە كەوتووەتە نێوان ڤینیسیۆس و هاندەری تیپەكانی بەرامبەری و لە چەند رووداوێكیشدا، گرژیی نێوانیان گەیشتووەتە رادەیەك كە تێیدا ئەستێرە بەرازیلییەكە رووبەڕووی كرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر یاریزانەكە درووستكردووە و لە رابردوودا داوای لە دەسەڵاتداران كردووە كە رێكاری تووند بەرامبەر ئەو دیاردەیە بگرنەبەر.