بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئیدێر میلیتاوی بەڕازیلی یاریزانانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی داوا لە جونی كالافات گەورە دۆزەرەوەی یانەكەیان دەكەن گرێبەست لەگەڵ كیلیان مباپێی هێرشەری یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی تەواوبكەن.

ڤینیسیۆس لە گرتە ڤیدیۆكەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە دەڵێت "هیوادارم مباپێ بێت"، میلیتاویش هەمان قسەی ڤینیسیۆس دووبارە دەكاتەوە، كە ئەم جارێكی تر دەڵێت "جونی پێویستە گرێبەستی لەگەڵ بكەن، پێویستە مباپێ بهێنیت".

لە بەرامبەردا كالافات بە گاڵتەكردنەوە دەڵێت "هەموو پارەكەتان لەگەڵ خۆتان بردووە و لە دوورگەی ئیبیزا خەرجتان كرد، هیچ پارەیەك نەماوە بۆ گواستنەوەی مباپێ".

بەپێی ڕاگەیاندنەكان، ڕۆیشتنی مباپێ لە پاریس نزیكە، هەرچەندە یاریزانەكە زیاتر لە جارێك دووپاتیكردووەتەوە دەیەوێت درێژە بە گرێبەستەكەی بدات لەگەڵ پاریس، كە هاوینی 2024 كۆتایی دێت، بەڵام پاریس نایەوێت ئەو كاتە بەبێ بەرامبەر لەدەستی بدات و داوای لێكردووە گرێبەستەكەی نوێبكاتەوە یان لەم هاوینەدا یانەك بەجێبهێڵێت.