
عەبدولعەزیز بن توركی فەیسەڵ، وەزیری وەرزشی سعودیە لە میانی بەشداریكردنی لە سۆكرات پۆدكاست وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە سەبارەت بە وەرزشی وڵاتەكە و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە یارمەتی هەموو یانەكان دەدەن و جیاوازی ناكەن لە نێوانیاندا.
وەزیری وەرزشی سعودیە ئاماژەی بە نزیكی لیۆنێل میسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی بۆ خولی سعودی كرد كە لە هاوینی 2023 و لەو بارەیەوە وتی: بەهای ئەفسانە ئەرجەنتینیەكە زۆر زیاتر بوو لە تەواوی یاریزانەكانی تر، بۆیە ئەو پاڵپشتیە داراییەی كە دەبوو پێشكەشی ئەو یانەیە بكرایە كە دانوستانی لەگەڵ مێسی كردبوو زیاتر بوو لە تەواوی بوودجەی تیپەكانی تری.
لەبارەی وەرزی نوێی خولی سعودیەش باسی لەوەكرد، داواكاری یانەكانی سعودیە جێبەجێ كراوە، بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو گرنگی زیاتریان بە خولەكە داوە، بەرێوەچوونی یارییەكان لە كاتی نوێژكردن لە داهاتوودا دووبارە نابنەوە و رێكی دەخەن، هەرچەندە هیچ پاساوێكی نییە بەڵام كاتی یارییەكان بەسترابووەوە بە پەخشی نێودەوڵەتییەوە.
وەرزیرەكە وتیشی: مافی خولەكەمان وەرزی رابردوو بە زیاتر لە 130 وڵاتی جیهان فرۆشتبوو، هەموو یانەكانیش بودجەی خۆیان تا ساڵی 2027 دەزانن، لەبارەی ئامادەكارییەكانی سعودیە بۆ مۆندیالیش، وتی: یاریگای ئارامكۆ لە شاری شەرقیە تەواو دەبێت، یەكێكە لەو یاریگایانەی كە بۆ مۆندیال ئامادە دەكرێت، هەروەها پێویستمان بە 128 ناوەندی مەشق و راهێنانە بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی 2034.
باسی لەوەشكرد، بەڵێنیان بە هەر چوار یانە گەورەكەی سعودیە داوە كە پێنج یاریزانی گەورەیان بۆ بگوازنەوە، یەكێكیان یاریزانێكی سوپەرستار دەبێت، جگە لە یانەی ئەهلی كە هاوینی ڕابردوو شەش یاریزانیان بۆ گواستنەوە، ئامانجیان ئەوەیە خولەكەیان لەنێو پێنج بۆ 10 باشترین خولەكانی جیهان بێت.