نەیمار دا سیلڤای هێڕشبەری بەرازیلی لە 18ی مانگی 10ی ساڵی رابردوو لە یاری هەڵبژاردەكەی بەرامبەر ئۆرۆگوای لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال تووشی پێكانێكی سەخت هات و تا ئەم ساتە نزیكەی 10 مانگە لە یاریگاكان دووركەوتووەتەوە.

رۆژنامەی ریازیەی سعودی بڵاویكردەوە، نەیمار نزیكە لە گەڕانەوە بۆ یاریكردن و ئێستا لە كۆتا قۆناغەكانی چارەسەری پیكانەكەیدایە و بە دڵنیاییەوە بەم نزیكانە لەسەر چیمەن راهێنان دەكات.

ئەو رۆژنامەیە دڵنیاییداوە لەوەی كە هێرشبەرە بەرازیلیەكە یەكەم یاری خۆیلەم وەرزەدا بۆ هیلال لە دوای پێكانەكەی لە 19ی مانگی نۆی داهاتوو ئەنجامدەدات بەرامبەر یانەی ئیتیحاد لە هەفتەی چوارەمی خولی سعودیە.

رونیشیكردووەتەوە، بە دڵنیاییەوە نەیمار ناتوانێت لە سێ هەفتەی یەكەمی وەرزی نوێی خولی سعودیە بەرامبەر یانەكانی ئەخدود و زەمەك و ریاز یاریبكات.

نەیمار هاوینی ساڵی رابردوو پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعودیەوە كرد و تەنها پێنج یاری بۆ ئەو یانەیە ئەنجامدا، یەك گۆڵ و سێ ئەسیستی بۆ یانەكەی كردووە لە وەرزی رابردوودا.