
بەگوێرەی بڵاوكراوەیەكی ڕۆژنامەی ماركا، بە پشتبەستن بە ڕۆژنامەی دی وێڵتی ئەڵمانی، یانە كەتەلۆنییەكە هەڕەشەی دەركردنی لە چامپیۆنزلیگ لەسەرە بەهۆی پێشێلكردنی یاسا دارایەكانەوە و لە ئەگەری سەلماندنی ئەوەی یانەكە دەستكاری بەها داراییەكانی كردووە، یان پێشێلكارییەكی ڕوونی یاساكانی دارایی كردووە، ئەوا بەرشەلۆنە بۆ سێ وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ دووردەخرێتەوە.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە بەرشەلۆنە ماوەی سێ ساڵە حساباتی هەڵەی پێشكەش كردووە، جیاوازی خەرجییەكانیش دەبێت لە ڕێگەی ئەو داهاتانەوە قەرەبوو بكرێتەوە كە ڕاستەوخۆ تەنها لە بازرگانی تۆپی پێوە دێت.
یانە كەتەلۆنییەكە ڕایگەیاندووە كە قازانجەكانی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 335 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەم قازانجانە مافی پەخشی یانەكە و مافە وەرزشیەكانی دیكەش دەگرێتەوە.
ڕۆژنامەكە ڕوونیشیكردەوە، بەپێی ڕێساكانی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا، ڕێگەپێدراو نییە بودجەی گشتی یانەكە هەڵسەنگێندرێت، هەروەها دەبێت داهاتێك هەبێت كە قەبارەی خەرجییەكانی تەنها لە تۆپی پێدا بگرێتەوە.