
ئەوەی بەرشەلۆنە و میدیای كەتەلۆنیا لێی دەترسان بوو بە راستی یەكێتی تۆپی پێی ئۆرۆگوای بە فەرمی پێكانەكەی ڕۆناڵد ئاراوخۆی ڕاگەیاند و یاریزانەكە ماوەیەكی زۆر دووردەكەوێتەوە.
دوای پێكانەكەی ئاراوخۆ لە یاری قۆناغی چارەكی كۆتایی كوپا ئەمریكا، هیوایەك هەبوو كە قورس نەبێت و بەرگریكارەكەی بەرشەلۆنە بتوانێت بەشداری یاری قۆناغی پێش كۆتایی هەڵبژاردەكەی بكات بەرامبەر بە كۆڵۆمبیا.
بەڵام یەكێتی تۆپی پێی ئۆرۆگوای راگەیندراوێكی كورتی لە ماڵپەری یەكێتییەكە بڵاوكردەوە و تێیدا نوسیویانە: لە یاری چارەكی كۆتایی كوپا ئەمەریكای 2024 لە نێوان هەڵبژاردەی وڵاتەكەمان و بەڕازیل، ڕۆناڵد ئاراوخۆ تووشی پێكان هات و دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی پێویست دەركەوتووە كە تووشی پێكان بووە لە ماسولكەیدا و كۆپا بۆی كۆتایی هاتووە.
پێش ئەمەش میدیاكانی كەتەلۆنیا بڵاویانكردەوە كە پێدەچێت ئاراوخۆ لانیكەم دوو مانگ لە یاریگاكان دووربكەوێتەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راگەیاندراوی فەرمی یەكێتی ئۆرۆگوایش، بەڕێوبەرانی بەرشەلۆنە دەزانن لانی كەم یاریزانەكە لە پێش وەرزدا لە دەست دەدەن.