
لە هەفتەی 22ی خولی ئەڵمانیا یانەی بایر لیڤەركوزنی پێشەنگ رووبەڕووی هایدنهایم دەبێتەوە و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەكەیان دوپاتیكردەوە، یەكێك لە قورسترین یارییەكانی ئەم وەرزە دەبێت و هایدنهایم شایەنی پێگەكەیەتی كە لە پلەی نۆیەم دەبیندرێت و یاریكردن لە یاریگای ئەوان قورسە، روحیەتێكی درەوشاوەیان هەیە و هێرش دەبەن، هەموو ئەوانە وایان كردووە مەترسیداربن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجامەكانی رابردوو ئەگەر باشیش بووبن گرنگ نییە بە لایەوە و ئاوڕ لە رابردوو ناداتەوە ، بەڵكو لە پێشەوە دەڕوانێت و هەموو سەرنجێكی لەسەر یارییەكانی داهاتووە.
چابی ئەلۆنسۆ سەبارەت بە پێریكۆ ئەلۆنسۆی باوكی كە یاریزان و راهێنەرێكی گەورەی تۆپی پێ بووە دەڵێت: بێگومان تۆپی پێ هەمیشە لە ماڵەكەمدا لە بەرنامەی كاردایە، بەردەوام باسی یارییەكان و ڕكابەرەكان دەكەین، بۆچوونی باوكم گرنگترین شتە بۆمن، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر من هەیە و نمونەی باڵای منە، هەمیشە وشەی دروست دەدۆزێتەوە بۆمن و هەمیشە ئارامم دەكاتەوە.