
ماوەیەك پێش ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە سعوودیەكان بەنیازن سوود لە ناوبانگی ئەفسانەی تۆپی پێ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ وەربگرن بۆ میوانداریكردنی پێشبڕكێیەكی گەورەی بۆكسێن.
تایسۆن فیوری، بۆكسێنەری بەریتانی و یەكێك لە ئەستێرە گەورەكانی جیهانی بۆكسێن، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەكی خۆی هاوشانی رۆناڵدۆ و دوو ئەستێرەی تری یارییەكە كە بریتی بوون لە، ئەنتۆنی جوشوا و فرانسیس ئینگانۆ لە شاری ریازی سعودیەبڵاوكردەوە و گومانەكانی زیاتر كرد و دواتر گومانەكە بوو بەڕاستی.
لە ئێستادا بڕیارە ڕۆژی هەینی رۆناڵدۆ بڕوات بۆ بینینی یارییەكی بۆكسێن لە نێوان جوشوا و ئینگانۆ، شەڕێك كە بڕیارە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان ڕاستەوخۆ پەخش بكرێت.
كەسێكی دیكە كە لە وێنەكەدا دەبینرێت و دەریدەخات كە سعودییەكان بیر لە پڕۆژەیەكی گەورە دەكەنەوە بۆ بۆكسێن دوای تۆپی پێ، توركی ئەلشێخی سەرۆكی دەستەی گشتیی كات بەسەربردنی عەرەبستانە.
توركی ئەلشێخ، دوای بڵاوكردنەوەی وێنەكە لەلایەن تایسۆن فیوری، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: جگە لە بینینی هاوڕێ ئازیزەكانم و باشترین وەرزشوانانی جیهان لە بوارەكانیاندا، سوپرایزێكی گەورەتان لە پێشە بەم نزیكانە، پڕۆژەیەك بە ئامادەبوونی ئەفسانە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە شاری ڕیاز كە لە چەند مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت.