ئۆلمۆ لە كاتی یاری تیپەكەی بەرامبەر جیرۆنا لە یاریگای مۆنتیلیڤی تووشی پێكان بوو، كە بلاوگرانا لە هەفتەی پێنجەمی خولی ئیسپانیا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك بردنەوەی بەدەستهێنا.

دوای پێكانی یاریزانەكە یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند، ئۆلمۆ لە ماسولكەكانی پێشەوەی رانی راستی توشی پێكان بووە و سەرچاوەكان ماوەی چوار بۆ پێنج هەفتەیان بە وادەی گەڕانەوەی دیاریكرد.

لە تازەترین پێشهاتتدا، ئەندی پارای بەڕێوبەری كارەكانی ئەستێرە ئیسپانییەكە دوپاتیكردەوە، ئۆلمۆ هەوڵدەدات زوو چاكبێتەوە و پابەندە بە پرۆگرامی چاكسازییەكەیەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردن لەگەڵ بەرشەلۆنە لە ماوەی داهاتوودا.

جەختیشیكردەوە، لە ماوەی حەوت ڕۆژدا یاریزانەكە بۆ یاریكردن ئامادە دەبێت و بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ئامادەكاری بكات بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپەكە بەشداری مەشق و ڕاهێنانەكان بكاتەوە.