
خۆسێ لویس مارتینێز ئالمێدا، سەرۆكی شارەوانی مەدرید لەسەر قسەكانی ڤینیسیۆس هاتە دەنگ كە باسی لەوەكردبوو لە ئیسپانیا رەگەزپەرستی زۆرە و لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی پێویستە رێگا نەدرێت مۆندیال لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
سەرۆكی شارەوانی مەدرید لە چاوپێكەوتنێكدا لەو بارەیەوە وتی: هەموومان دەزانین كە بابەتی ڕەگەزپەرستی لە كۆمەڵگادا هەیە و دەبێت كاربكەین بۆ بنبڕكردنی بەڵام بۆ ئیسپانیا و بە تایبەتی بۆ مەدرید، بە قووڵی نادادپەروەرییە بڵێین ئێمە كۆمەڵگایەكی ڕەگەزپەرستین، بۆ ئەوەی میوانداریكردنی مۆندیالی 2030 نەخرێتە مەترسییەوە، داوا لە ڤینیسیۆس دەكەم دەستبەجێ قسەكانی ڕاست بكاتەوە.
وتیشی: ڤینیسیۆس پێویستە داوای لێبوردن بكات، دەزانێت كاتێك شتێكی ڕەگەزپەرستانە ڕوودەدات هەموومان لەگەڵیدا دەبین، بەڵام كاتێك شتێكی لەو جۆرە لەبارەی ئیسپانیاوە دەڵێت لایەنگرانی لەدەست دەدات.
ئەلمێدا لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوەشكرد، بوون بە یاریزانێكی تۆپی پێی گەورە مانای ئەوە نییە كە هەڵە ناكات و یاریزانەكە ئەمجارە هەڵەی كردووە، ڤینیسیۆس زۆرینەی ڕەهای كۆمەڵگەی ئیسپانیای لە پشتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی، بەڵام ئەوان ناتوانن لە تەنیشتی بوەستن كاتێك بە كردەوە هەموو كۆمەڵگەی ئیسپانیا و كۆمەڵگەی مەدرید بە تایبەتی بە ڕەگەزپەرست ناودەبات.