
دوای تەواوبوونی 37 هەفتە، یانەی مانچستەر سیتی بە كۆكردنەوەی 88 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیدایە بە جیاوازی تەنیا دوو خاڵ لەگەڵ ئارسناڵ و نازناوەكەش بۆ یەكێك لەو دوو یانەیە دەبێت.
لەم وەرزەی پریمەرلیگدا كێبڕكێیەكی بەهێز لەسەر بوون بە پاڵەوان هەبووە و ئەو جەنگەش كەوتووەتە كۆتا هەفتە كە یەكلاببێتەوە و ناوی ئەو یانەیە ئاشكرا بێت كە نازناوەكە بەدەستدەهێنێت.
پریمەر لیگ تاكە خولە لە نێو خولە گەورەكانی ئەوروپا پاڵەوانی تیا ئاشكرا نەبوبێت تا كۆتا هەفتە و ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی كە بەردەوام بە بەهێزترین خول ناوی دەركردووە پێچەوانەی خولەكانی تر كە چەندین هەفتە پێش كۆتاییهاتن براوەی نازناوەكە یەكلابووەتەوە تیایاندا.
مانچستەر سیتی ئەگەرەكانی بوون بە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پریمەر لیگی زیاترە بە شێوەیەك كە بە بردنەوە راستەوخۆ نازناوەكە دەباتەوە، لە ئەگەری یەكسانبوون یان شكستیشدا ئەگەری بوون بە پاڵەوانی هەیە بە شێوەیەك ئەگەر ئارسناڵی ركابەری یەكسانبێت یان تووشی شكست بێت.
كوڕانی گواردیۆلا دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت نازناوی ئەم وەرزەی پریمەر لیگ بەدەستبهێنن كە ئەوەش چوارەم جاری بەدوای یەك دەبێت و یانەكەشیان دەكەنە خاوەنی 10مین نازناوی خولەكە لە مێژوویدا.
لە بەرامبەردا، ئارسناڵ دەبێت خۆی بردنەوە بەدەستبهێنێت و چاوەڕێی شكست یان یەكسانبوونی مانچستەر سیتی بكات تا بتوانێت نازناوی ئەم وەرزەی پریمەر لیگ بەدەستبهێنێت چونكە ئەگەر خۆی یەكسان بێت یان شكست بهێنێت ئەوا هیچ هیوایەكی نابێت بۆ بوون بە پاڵەوان.
ئارتێتا و یاریزانەكانی ئامانجیان ئەوەیە دوای 20 ساڵ دابڕان جارێكیتر هاندەرانی یانەكەیان بە بوون بە پاڵەوانی پریمەر لیگ شاد بكەنەوە، جگە لەوەش 14مین نازناویان لە مێژووی خولەكەدا كردووەتە ئامانج.