چامپیۆنز لیگ پڕ بینەرترین پاڵەوانێتی لە ئەوروپا دوای دوو مانگ وەستان جارێكیتر دەستپێدەكاتەوە و هاندەرانیش بە پەرۆشیەوە چاوەڕێی دەكەن.

چامپیۆنز لیگ لە قۆناغی 16دایە و لەم هەفتەیەدا چوار یاری چوونی ئەو قۆناغە ئەنجامدەدرێن و هەفتەی داهاتووش چوار یاریەكەی تر بەڕێوەدەچن.

ئەمڕۆ سێشەممە بە ئەنجامدانی دوو یاری ئەو قۆناغە دەست پێدەكات و لە كاتژمێر 11ی شەودا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لەدەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی لایپزیگی ئەڵمانی، مانچستەر سیتی ئینگلیزیش رووبەڕووی كۆپنهاگنی دانیماركی دەبێتەوە.

ریاڵ مەدرید لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا شەش یاری ئەنجامدا و لەسەرجەمیاندا بردنەوەی بەدەستهێنا و 16 گۆڵی تۆماركرد و حەوت گۆڵی لێ تۆماركرا، بە 18 خاڵیش لە پێشەنگی كۆمەڵەی سێیەمدا بوو.

ریاڵ مەدرید لە مێژوویدا تەنیا دوو جار رووبەڕووی لایپزیگ بووەتەوە لە چامپیۆنز لیگدا، لە یاریەكدا براوە بووە و یاریەكیش دۆڕاوە، یانەی شاهانە چوار گۆڵی تۆماركردووە لەبەرامبەردا یانە ئەڵمانیەكە سێ گۆڵی كردووە.

ریاڵ مەدرید هەرچەندە لەم وەرزەدا بەدەست پێكانە زۆرەكانیەوە دەناڵێنێت بەڵام ئەنجامەكانی زۆر نایابە و لە خولی ئیسپانیشدا لە پێشەنگی ریزبەندیدایە، بۆ یاریەكەی لایپزییگیش بێبەش دەبێت لە تواناكانی بێلینگهام و رۆدیگێر و كۆرتوا و ئالابا و میلیتاو.

یانەی مانچستەر سیتیش لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا بە ئاستێكی نایابەوە دەركەوت بە شێوەیەك كە لە شەش یاریدا 18 خاڵی كۆكردەوە و 18 گۆڵی تۆماركرد بە ڕێژەی تۆماركردنی سێ گۆڵ بۆ هەر یاریەك.

مان سیتی لە مێژوویدا تا ئێستا چوار جار رووبەڕووی كۆپنهاگن بووەتەوە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەكاندا، لە دوو یاریدا براوە بووە و دوو یاریش یەكسانبووە بەرامبەری، ستیزن نۆ گۆڵی تۆماركردووە و تەنیا سێ گۆڵی لێكراوە بەرامبەر یانە دانیماركیەكە.

مانچستەر سیتی بەهێزترین پێكهاتەی هەیە بەتایبەت دوای گەڕانەوەی ئێرلینگ هالاند و كیڤن دی برۆین لە پێكان و لە ئێستاشدا هیچ یاریزانێكی پێكانی نییە و یەكێكیشە لە پاڵێوراوە بەهێزەكان بۆ بوون بە پاڵەوانی ئەم وەرزە و پارێزگاریكردن لە نازناوەكە.