
یارییەكانی خولە ناوخۆییەكانی ئەوروپا بەردەوامیان هەیە، ئەمڕۆ لە هەفتەی شەشەمی خولی ئیسپانیا و لە كاتژمێر 10، یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی ئیسپانیۆل دەكات.
ریاڵ مەدرید لەم وەرزەی خولی ئیسپانیا خاوەنی 11 خاڵ بە سێ بردنەوە و دوو یەكسانبوون، لە پلەی دووەمی ریزبەندیەكەدایە.
ئامانجی یانەی شاهانە ئەوەیە سێیەمین بردنەوەی بەدوای یەك بەدەستبهێنێت تا بتوانێت جیاوازیەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنەی پێشەنگ كەمبكاتەوە ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت.
هەر ئەمشەو بەڵام لە هەفتەی پێنجەمی خولی ئینگلتەرا، یانەی لیڤەرپوڵ لە یاریگای ئانفێڵد رووبەڕووی بۆرنمۆس دەبێتەوە، تۆتنهام بەرامبەر برێنتفۆرد یاریدەكات، دواتریش مانچستەر یونایتد دەبێتە میوانی كریستال پالاس.
لە خولی ئیتاڵیا و لە یاری لوتكەی هەفتەی پێنجەمدا، یانەی یۆڤانتۆس لە كاتژمێر حەوت میوانداری یانەی ناپۆلی دەكات.