
ئەمڕۆ لە جامی شا ئەتلەتیكۆ رووبەڕووی بلباو دەبێتەوە و چێڵسی و ئەستۆن ڤێلا یاری گەڕانەوە دەكەن
ئەمڕۆ لە دەستپێكی یارییەكانی قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا و لە یاری چووندا، لە كاتژمێر 11 و 30 خولەكدا، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆ پۆلیتانۆ میوانداری یانەی ئەتلەتیك بلباو دەكات.
ئامانجی كوڕانی سیمیۆنی لەو یاریەدا ئەوەیە بە ئەنجامێكی باش كۆتایی پێبهێنن تا لە یاری گەڕانەوەدا رووبەرووی كێشە نەبنەوە و بتوانن سەربكەون بۆ یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەكە.
هەر ئەمڕۆ بەڵام لە قۆناغی چوارەمی جامی یەكێتی ئینگلتەرا، لە كاتژمێر 11 یانەی چێڵسی لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا و لە یاری گەڕانەوەدا رووبەڕووی یانەی ئەستۆن ڤێلا دەبێتەوە.
هۆكاری ئەوەی كە یاری گەڕانەوە لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە یاری چووندا هیچ كامیان نەیانتوانی بردنەوە بەدەستبهێنن و بە بێ گۆڵ یەكسانبوون.