
چامپیۆنز لیگ بەهێزترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی ئەوروپا لە جەولەی پێنجەمیدایە و لەم هەفتەیەدا چارەنووسی بەشێكی زۆر لە یانەكان یەكلادەێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە لە كاتژمێر 11ی شەودا چەند یاریەك ئەنجامدەدرێن و گرنگترین یارییەكانیش لە كۆمەڵەی شەشەمی ئاگریندا بەڕێوەدەچن بە شێوەیەك كە هەر چوار یانەكە كێبڕكێیەكی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە و جیاوازی نێوان پێشەنگ و كۆتا یانە تەنیا سێ خاڵە.
یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە یاریگای خۆیدا و لە یاریەكی بەهێزدا میوانداری یانەی نیوكاسل یونایتدی ئینگلیزی دەكات، لەلایەك دەیەوێت بردنەوە بەدەستبهێنێت تا نەكەوێتە كێشە گەورەكە و لەلایەكی تریشەوە بە ئامانجی تۆڵە كردنەوەی یاری چوون دەچێتە یاریگاوە.
لە هەمان كۆمەڵە، یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە یاریگای سان سیرۆ میوانداری بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەكات و دەیەوێت بە بردنەوە لەو یاریەدا بچێتە پلەی دووەمی ریزبەندی بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یاریەكەی تر.
لە كۆمەڵەی هەشتەمیشدا، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كە بە بارودۆخێكی قورسدا تیدەپەڕێت بە هۆی ئەنجامە خراپەكان و پێكانە زۆرەكانیەوە لە یاریگای خۆیدا میوانداری پۆرتۆی پورتوگالی دەكات، یانەی شاختاری ئۆكرانیش دەبێتە میوانی ئەنتوێرپی بەلجیكی.
بەرشەلۆنە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا چوار یاری ئەنجامداوە، سێ بردنەوە و شكستێكی هەیە و بە 9 خاڵ لە پلەی دووەمی كۆمەڵەكەیدایە، هەشت گۆڵی تۆماركردووە و دوو گۆڵی لێكراوە.
لە كۆمەڵەی حەوتەمدا، كێبڕكێیەكی ئاسانی تیادا بووە بە شێوەیەك كە هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و لایپزیگ سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر كردووە و زڤیزدا و یۆنگ بۆیز ركابەری لەسەر گەیشتن بە یۆرۆپا لیگ دەكەن.
مان سیتی پاڵەوانی ساڵی رابردوو، تا ئێستا لەم وەرزەدا چوار یاری ئەنجامداوە و لەسەرجەمیاندا براوە بووە و 12 خاڵی كۆكردووەتەوە، 12 گۆڵی تۆماركردووە و تەنیا سێ گۆڵی لێكراوە.
كۆمەڵەی پێنجەمیش ركابەریەكی زۆری تیادایە بە شێوەیەك كە ئەتلەتیكۆ مەدرید بە هەشت خاڵ لە پیشەنگی ریزبەندیدایە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی فاینۆرد كە شەش خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمدایە، لازیۆی ئیتاڵی لەپێناو پارێزگاریكردن لە پلەی دووەم یان چوونە پێشەنگی كۆمەڵەكەی لە یاریگای ئۆلمپیكۆ میوانداری سێلتیك دەكات.
