
چامپیۆنز لیگ پاڵەوانێتیە دڵخوازەكەی هاندەرانی تۆپی پێ بەردەوامی هەیە و سێشەممە دوو یاری تری چوونی قۆناغی 16 بەڕێوەدەچن.
لە كاتژمێر 11ی شەودا، یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە یاریگای جیۆسێپی میاتزا و لە یاری لوتكەی قۆناغەكەدا میوانداری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی دەكات و هاندەرانیش چاوەڕێ دەكەن كێبڕكێیەكی بەهێز ببینن.
ئینتەر كە لە ساڵی رابردوودا پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەكەی بەدەستهێنا دەیەوێت لەم وەرزەشدا بە ئاستێكی بەرزەوە دەربكەوێت و یەكێكیشە لە پاڵێوراوەكان بۆ گەیشتن بە قۆناغەكانی كۆتایی چامپیۆنز لیگ.
لە بەرامبەریشدا، یانە ئیسپانیەكە لەم وەرزەدا بە شێوازێكی جیاواز دەركەوتوون و لەڕووی هێرشبردنەوە كوالێتیەكی بەرزیان هەیە ئامانجیان ئەوەیە كە بەرامبەر یانە ئیتاڵیەكە ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنن تا لە یاری گەڕانەوەدا رووبەرووی كێشە نەبنەوە.
ئینتەر و ئەتلەتیكۆ لە مێژوودا تەنیا یەك جار لە یاری فەرمیدا رووبەرووی یەكبونەتەوە ئەویش لە جامی سوپەری ئەوروپادا بووە لە ساڵی 2010، یانەكەی دێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەرجەنتینی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر براوەی ئەو یاریە بوون.
لە هەمان شەودا، یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەبێتەوە.
دۆرتمۆند لە قۆناغی كۆمەڵەكانی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ شەش یاری ئەنجامدا، سێ بردنەوە و دوو یەكسانبوون و شكستێكی هەبووە و بە 11 خاڵ و بە پێشەنگی كۆمەڵەی مەرگ گەیشتە قۆناغی 16.
یانەی بەرامبەریش كە ئایندهۆڤنە چاوەڕێی ئەوەی لێ دەكرێت كە ببێتە كێشە بۆ یانە ئەڵمانیەكە لەبەرئەوەی لە دوایین یاریەكانیدا ئاستێكی بەرزی پێشكەشكردووە بەتایبەت لە خولی هۆڵەندا.