قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و ئەمڕۆ‌و سبەی یارییەكانی گەڕانەوەی ئەو قۆناغە بەڕێوەدەچن و ناسنامەی چوار یانەی گەیشتوو بە قۆناغی پێش كۆتایی پاڵەوانێتییەكە ئاشكرا دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە لە كاتژمێر 10ی شەودا دوو یاری ئەنجامدەدرێن، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی میوانداری پاریس سان جێرمانی فەرەنسی دەكات، ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانیش رووبەڕووی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەبێتەوە.

بەرشەلۆنە كە لە یاری چووندا لەدەرەوەی یاریگای خۆی بردنەوەی بەدەستهێنابوو هەلی گەیشتنی بە قۆناغی پێش كۆتایی زیاترە بە شێوەیەك كە  لەم یاریەدا بە بردنەوە و یەكسانبوون و شكست بە گۆڵێك و بردنەوە بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان ئەو ئامانجەی بەدەستدەهێنێت.

لە بەرامبەردا یانەی پاریس سان جێرمان ئەركی قورسە لە بەرئەوەی پێویستی بە بردنەوە هەیە بە جیاوازی دوو گۆڵ یان بە جیاوازی گۆڵێك و بردنەوە بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان تا بتوانێت گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو بەدەستبهێنێت.

بەرشەلۆنە و پاریس سان جێرمان لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا تا ئێستا لە 13 یاریدا رووبەڕووی یەكبونەتەوە، یانە كەتەلۆنیەكە لە پێنج یاریدا براوە بووە و 26 گۆڵی تۆماركردووە، یانەكەی پایتەختی فەرەنساش چوار بردنەوەی هەیە و 23 گۆڵی كردووە، لە چوار یاریشدا یەكسانبوون.

لە هەمان كاتدا، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی كە لە یاری چووندا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك بردنەوەی بەسەر بروسیا دۆرتمۆند بەدەستهێنابوو بە یەكسانبوون و بردنەوە راستەوخۆ دەگاتە قۆناغی پێش كۆتایی یان شكست بە جیاوازی گۆڵێك و بردنەوە بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان.

ئەتلەتیكۆ لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا تەنیا پێنج جار بەرامبەر دۆرتمۆند یاریكردووە، لە سێ یاریدا براوە بووە و دوو جاریش تووشی شكستبووە، شەش گۆڵی تۆماركردووە و حەوت گۆڵی لێ تۆماركراوە.

لە بەرامبەردا یانە ئەڵمانیەكە كە بروسیا دۆرتمۆندە دەبێت لە یاریگای خۆیدا بە جیاوازی دوو گۆڵ یان گۆڵێك و لێدانە یەكلاكەرەوەكان یاریەكە بباتەوە تا ئەم قۆناغە تێبپەڕێنێت ئەگەرنا بە هەموو یەكسانبوون و شكستێك ماڵئاوایی دەكات.