
لەكاتێكدا هەمووان چاوەڕێی بینینەوەی یارییەكی دیكەی نێوان لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ بوون، بەڵام پێكان رێگەی نەدا ئەوە رووبدات و هەردوو یاریزانەكە بەرامبەر یەكدی یاریی ناكەن.
ئەمشەو لە ركابەرییەكانی وەرزی ریازدا، یانەی ئینتەرمەیامی لە دووەم یارییدا بەسەركردایەتیی لیۆنێل مێسی، بەرامبەر یانەی نەسڕ یارییدەكات، كە كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو یانەیە یارییدەكات، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئەستێرە پۆرتوگالییەكە ئامادەنییە و بەشداری لە یارییەكەدا ناكات.
رۆژی چوارشەممە لە دوایین مەشقەكانی یانەی نەسڕدا، كریستیانۆ رۆناڵدۆ تووشی پێكانبوو، بەو هۆیەوە یاریزانەكە نەیتووانی مەشقەكانی یانەكەی تەواو بكات و بەمەش لە یارییەكەی بەرامبەر ئینتەرمەیامی یاریی ناكات.
لویس كاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕ لەبارەی كریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت "كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە قۆناخی كۆتایی چاكبوونەوەدایە بەر لەوەی بگەڕێتەوە نێو تیپەكە، چاوەڕواندەكەین لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا دەست بە مەشق و راهێنان بكاتەوە، كەواتە زۆر بە روونی یاریزانەكە بەشداری لە یارییەكەدا ناكات."
یاریی نێوان هەردوو یانەی ئینتەرمەیامی و نەسڕ، ئەمشەو كاتژێر نۆی شەو لە یاریگەی كینگدەم ئارێنا بەڕێوەدەچێت، ئەمە دووەم یاریی یانە ئەمریكییەكەیە لە سعودیە، دوای ئەوەی لە یاریی یەكەمدا بەرامبەر یانەی هیلال دۆڕان.