
ئەمشەو بۆ سعودیە و جیهان شەوێكی تایبەتە، كاتێك یەكێك لە گرنگترین یارییەكان لە خولی تۆپی پێی سعودیە بەڕێوەدەچێت، لەو یارییەدا دوو ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی یەكدەبنەوە.
كاژێر 21:00 لە یاریگەی جەوهرە لە جەددە، لە یارییەكی دواخراوی خولی تۆپی پێی سعودیە، هەردوو یانەی ئیتیحاد و نەسڕ رووبەڕووی یەكدەبنەوە، ئەم دوو یانەیە مێژوویەكی دوور و درێژیان بەرامبەر یەكدی هەیە، بەڵام هیچ یارییەكیان وەكو یارییەكەی ئەمشەو جیاواز نابێت، لەكاتێكدا هەریەكە لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ و كەریم بنزیما، دوو هاوڕێی پێشوو لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووی یەكدەبنەوە.
هەردوو یاریزانەكە نزیكە 10 ساڵ بەدرێسی سپی ریال مەدریدەوە لە ئیسپانیا بەیەكەوە سەركردایەتیی هێڵی پێشەوەی تیپەكەیان دەكرد، بەڵام ئەمجارە وەكو دوو ركابەر رووبەڕووی یەكدەبنەوە.
رۆناڵدۆ و هاوڕێكانی شەوی دووشەممە بەدڵخۆشی و ئامادەكارییەكی زۆرەوە بۆ ئەم یارییە گرنگە گەیشتنە جەددە و بەتەواوی بۆ یارییەكە ئامادەن.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەكاتێكدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، تاوەكو ئێستا لەم وەرزەی خولەكەدا 17 گۆڵی تۆماركردووە و گۆڵكاری خولەكەیە، جگە لەوەش یاریزانەكە بە تۆماركردنی 51 گۆڵ لە كۆی گشتی ساڵەكەدا ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵكاری ساڵ دەكات، بۆیەش ئەمشەو پێویستییەكی زیاتری بە تۆماركردنی گۆڵ دەبێت.
دۆن پێویستیی بە گۆڵی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە ئەلیكساندەر میترۆڤیچ، دووەم گۆڵكاری خولی سعودیە دووربكەوێتەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش لە ركابەریكردن بەردەوامبێت.